‘مقاوەمەی ئیسلامی’ بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو هێرش بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان راگەیاند

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ شەوی رابردوو، گروپی میلیشیاکانی ‘مقاوەمەی ئیسلامی لە عێڕاق’ لە رێگەی ناسێنەرەکانیەوە بڵاویانکردەوە کە هێرشیان بۆ سەر دوو بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە.

میلیشیاکەی سەر بە ئێران رایگەیاند: “لە درێژەی بەردەوامیدان بە رێبازەکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی داگیرکەری ئەمریکی لە عێراق و ناوچەکە و وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر کەسوکارمان لە غەززە، موجاهیدەکانمان لەرێگەی درۆنێکەوە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی هێزەکانی داگیرکەر لە کامپی ئەلروکبان لە سووریا”.

هەروەها لە راگەیێندراوێکی دیکەدا، کە لە هەمان شەو ئەو گرووپە بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر لە رۆژئاوای کوردستان.

گرووپەکە لە هەردوو راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن، ئەمەش بە “بەرگریکردن لە خەڵکی غەززە و دژایەتیکردنی ئیسرائیل” ناودەبەن.

دوێنێ پێنجشەممە، ئەمریکا لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا کە ئەم میلیشیایانەی سەر بە ئێران بۆ سەر بنکەکانیان ئەنجامی دەدەن بە درۆن هێرشی کردە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ناوەندی شاری بەغدا، بەهۆیەوە سێ چەکدار کوژران و حەوتی دیکەش بریندار بوون، یەکێک لە کوژراوەکان بە ناوی ‘ئەبو تەقوا’ فەرماندەی لیوای 12ی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبییە.

هێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعەی سەر بە ئێران، کە خۆیان بە “مقاوەمەی ئیسلامی” دەناسێنن، لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دژی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.