بەهۆی کردەوە “جیهادییەکان”یەوە لە سووریا.. فەڕەنسا رەگەزنامە لە چیچانییەک وەردەگرێتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا لە ساڵی 2008دا رەگەزنامەی هاووڵاتییەکی چیچانییان وەرگرتەوە، ئەمەش بەهۆی سەرکردایەتیکردنی “گرووپێکی جیهادی” لە سووریا لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2014دا.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی، ساڵی 2019 دادگای تاوانی تایبەت لە پاریس سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر “حسانبێک تورشایڤ”دا سەپاندووە، لەگەڵ گەرەنتی تێپەڕاندنی دوو لەسەر سێی ئەو ماوەیە.

بڕیاری کشانەوەی رەگەزنامە لە ئەگەری پێشێلکردنی بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی میللەت یان لە ئەگەری سزادان بە تاوانی ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستی، دەکرێ. فەرمانەکە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دوو رەگەزنامەن و لە فەرەنسا لەدایک نەبوون و ئەمەش بە فەرمان ئەنجام دەدرێت.

لە کاتی دادگاییکردنیدا، تۆمەتبار دانی بەوەداناوە، کە لە ساڵانی 2013 و 2014دا چووەتە سووریا و ماوەی سێ مانگ لەوێ ماوەتەوە، بەڵام گوتیشی بۆ گەڕان بە دوای براکانیدا چووەتە ئەو وڵاتە و بۆ “شەڕکردن” نەچووە.

“تۆرشایڤ” تۆمەتبارە بە بەشداریکردن لە جەنگ و راهێنانی جیهادیەکان بۆ بەکارهێنانی تەقەمەنی، هەروەها گومان دەکرێت “ئەمیر”ی گروپێکی جیهادی بێت لە “ئیمارەتی قەوقاز” کە سەر بە میلیشیای “ئەحرارشام”ە، لەژێر ئاڵای “جەبهەی ئیسلامی”دا.

“حسانبێک تۆرشایڤ” کە ئێستا تەمەنی 53 ساڵە، لە شاری گرۆزنی چیچان گەورە بووە، بەهۆی شەڕەوە ناچار بووە وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت و داوای پەنابەری لە فەرەنسا بکات، لە ساڵی 2005ەوە دەزگای هەواڵگری چاودێرییان دەکرد بەهۆی توندڕەوی ئایینییەوە خۆی بە “سەلەفی” دەزانێت.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش