لە دێرەزوور چەند چەکدارێکی نەناسراو بازگەکانی “هەسەدە” دەکەنە ئامانج
دێرەزوور – نۆرس پرێس
شەوی رابردوو، چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشی توندیان بۆ سەر بارەگا و بازگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردە لە دێرەزووری رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد.
سەرچاوەیەکی سەربازی “هەسەدە” لە دێرەزوور رایگەیاند، چەکدارەکان بە چەکی ئاسایی و ئار پی جی هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای “هەسەدە” لە گەڕەکی “ئەلەتوە” لە شارۆچکەی زیبان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، بەهۆیەوە شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان هەردوولادا روویدا و هێرشبەرەکانیان ناچارکرد بەرەو ئەو ناوچانە بکشێنەوە کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە کۆنترۆڵکراون لە رۆژئاوای فورات.
سەرچاوەکە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەکرد، کە هێرشەکانی دیکە بارەگاکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە شارۆچکەکانی شحێل و ئەلبەسیرە و ئەلکەسار لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزۆر کردوەتە ئامانج و ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی دوو شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات.
“هەسەدە” گەڕێکی سەربازی ئەنجامدا و بەربەستی لەو ناوچانە دانا کە پێکدادانەکانیانی تیا روویدا، هەروەها گەمارۆیەکی ئەمنیان بەسەر ئەو شارۆچکانەدا سەپاند، بۆ گەڕان بەدوای هێرشبەرەکاندا.