دوای کوژرانی عاروری، سوپای ئیسرائیل دۆخی ئامادەباشی لەسەر سنووری لوبنان بەرز دەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمرۆ چوارشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دۆخی ئامادەباشی بەدرێژایی سنوورەکانی لەگەڵ لوبنان بەرزکردووەتەوە، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە كوژرانی ساڵح عاروری، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە باشووری بەیروتی پایتەختی لوبنان.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پاراستنی سنوورەكانی لەگەڵ لوبنان و ناوچەی جەلیل توندوتۆڵتركردووە.

لای خۆیەوە دەستەی پەخشی ئیسرائیل رایگەیاندووە خەمڵاندنەکان لە ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە بزوتنەوەی حەماس وەڵامی کوشتنی عاروری دەداتەوە.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو، ڕێنمایی بە پۆلیس دراوە وریا بن لە ئەگەری هێرشەکانی ناو ئیسرائیل.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش