سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی تورکیا دەکات، بلینکنیش سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل دوادەخات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئاژانسى ئیرناى حکومەتى ئێران ڕایگەیاندووە، سبەی پێنجشەممە، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە یاوەری شاندێکی سیاسی و ئابووری لەسەر ئاستی باڵا سەردانی تورکیا دەکات.
هاوکات دوای کوژرانی ساڵح عاروری جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، كە دوێنێ لە بەیروت كرایە ئامانجی هێرشێك، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل دواخست.
ڕەئیسی لەگەڵ هاوتا تورکییەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام دەدات و دواتر لە هەشتەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای هاریكاری ئێران و تورکیا بەشداری دەکات. هەروەها سەرۆک کۆماری ئێران و تورکیا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش سازدەکەن بۆ خستنەڕووی ئەنجامی گفتوگۆکانیان.
سەردانەکە لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو ڕۆژی 28 ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو ئیبراهیم رەئیسی سەردانی تورکیا بكات، بەڵام سەردانەکەی دواخرا، سەرۆکایەتی تورکیاش ئەوكات ڕایگەیاندبوو کە سەرۆک کۆماری ئێران سەردانەکە ئەنجام نادات، بەبێ ئەوەی روونكردنەوەی زیاتر بدا، کە ئایا سەردانەکە هەڵوەشاوەتەوە یان دواخراوە.
لای خۆیەوە بەرپرسێکی ئەمریکی بە ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیلی تووە، بلینکن سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل دواخستووە بۆ هەفتەی داهاتوو لە كاتێكدا بڕیاربوو کۆتایی ئەم هەفتەیە سەردانەكەی ئەنجام دابا.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، دواخستنی سەردانەکە هیچ پەیوەندییەکی بە کوشتنی ئەلعەروریەوە نەبووە.