تورکیا 14 دەستگیرکراوی سووری بۆ خاکی خۆی دەگوازێتەوە

گوندەواری حەلەب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 14 دەستگیرکراوی سوورییان لە زیندانەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئەنقەرە لە شارەکانی عەفرینی داگیركراو و ئەعزاز بەرەو خاكی توركیا لە ڕێگەی دەروازەی سنووری باب ئەلسەلامە لە باکووری شاری حەلەبەوە گواستەوە.

سەرچاوەیەكی کارگێڕی لە میلیشیای شورتەی عەسكەریی دڵسۆز بۆ ئەنقەرە بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، هەواڵگری تورکیا بە بەشداری میلیشیای شورتەی عەسكەری 14 دەستگیرکراوی سووری گواستەوە کە کچێکیان بە ناوی بەسما ڕیحاوی (تەمەن 20 ساڵ) تیادابوو.

ڕوونیشیکردەوە، جاری یەکەم شەش دەستگیرکراو لە زیندانی ساجۆ لە باکووری شاری ئەعزاز گواستراونەتەوە، جاری دووەمیش هەشت دەستبەسەرکراو لە زیندانێکی سەر بە میلیشیای شورتەی عەسكەری لە کفر جەننە لە ڕۆژهەڵاتی عەفرینی داگیركراو گواستراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەستگیرکراوان لەکاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنوورەکان بۆ گەیشتن بە تورکیا و دواتر کۆچکردن بۆ کیشوەری ئەوروپا دەستگیرکراون، بەڵام دەستگیرکراون  تۆمەتی “کارکردن بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات” یان دراوەتە پاڵ، بەپێی راپۆرتی پێشوەختە ئامادەکراو .

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم گواستنەوەیە بە حەوتەم گواستنەوەی دەستگیركراوانە لەماوەی ئەم مانگەدا.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی