“هەسەدە” دەرەنجامی ساڵانەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا دەخاتەڕوو

رەققە – نۆرس پرێس

هێزەکانی سوریای دیموکرات ژمارەی هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتی، لە ماوەی ساڵی 2023دا و ژمارەی قوربانییەکانیان و ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن هێزە سەربازییەکانیانەوە ئەنجام دراون لە چوارچێوەی “وەڵامدانەوەی شەرعی”دا بۆ ئەو هێرشانە ئاشکرا کرد.

بەگوێرەی ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە”، تورکیا 798 جار ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانی کردۆتە ئامانج کە 578 جار بە چەکی قورس، 103 جار بە فڕۆکەی سەربازی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و خۆکوژی، 25 جار بە چەکی ئاسایی و دوو جاریش بە مین و تەقەمەنی هێرشەکان ئەنجامدراون.

لەکاتێکدا “هەسەدە” بە 143 ئۆپەراسیۆنی دژ بە تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆزی تورکیا وەڵامی داوەتەوە و ئەو ئۆپەراسیۆنانەش بوونەتە هۆی کوشتنی237 کەس کە 52 سەربازی تورکیایان تێدابوو، ئەوانی تریش لە میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆزی تورکیا بوون، جگە لە برینداربوونی 295، لەنێویاندا 91 سەربازی تورکیا، هەروەها تێکشکاندنی دەیان ئۆتۆمبێل و شوێنی سەربازی، بەپێی ئامارەکانی “هەسەدە”.

“هەسەدە” لە ئامارەکانیدا رایگەیاندووە کە ناوچەکانیان لەلایەن شانەکانی “رژێمی سوریا”ەوە هێرشیان کراوەتە سەر، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەک لە چەکدارەکانیان شەهیدبن، ئەمە جگە لەو شانانەی کە ئۆپەراسیۆنی تێکدەرانەیان لە سەر موڵکی گشتی و تایبەت ئەنجامداوە.

بەگوێرەی ناوەندەکە، ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە هێزە سەربازییەکان بووەتە هۆی ئەوەی 173 شەڕڤان لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکانی تورکیا و میلیشیا دڵسۆزەکانیان بۆیان و شانەکانی رژێمی سوریا شەهیدبن.

ئاماژەیان بەوەشکرد، لەماوەی ئەمساڵدا 39 هاووڵاتی سڤتل گیانیان لەدەستداوە کە 11یان منداڵن، هاوکات ژمارەی بریندارەکان گەیشتووەتە 98 کەس کە 15یان سەربازن.

ناوەندەکە ئاماژەی بەوەدا کە “شەڕانگێزترین پێشێلکارییەکانی تورکیا” ئەو پێشێلکارییانە بوون کە لە 5ی ئۆکتۆبەر و 25ی کانوونی دووەمی رابردوودا ئەنجامدراون، کە بوونەتە هۆی لەناوچوونی بەرفراوانی ژێرخانی ئابووری و پێداویستییەکانی ژیان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان