هێرشێکی موشەکی بنکەیەکی هاوپەیمان نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج

قامشلۆ – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بۆردومانێکی مووشەکی بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە گوندی “خەراب ئەلجیر” لە گوندەواری شارۆچکەی رمێلان لە رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج.

درەنگانی شەوی رابردوو، میلیشیاکانی ئێران لە ڕۆژئاوای رووباری فورات لە دێرەزوور، بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان لە کێڵگەی “عومەر و کۆنیکۆ” کردە ئامانج و هێزەکانی ئەمریکاش بە لێدان لە سەرچاوەی بۆردوومانەکە وەڵامیان دانەوە.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، زیاتر لە شەش هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی “خەراب ئەلجیریان” ئەنجامدراوە، هەروەها مووشەکەکان لە دەوروبەری بنکەکە نیشتوونەتەوە و دوو لەو مووشەکانەش لە دەوروبەری گوندە نیشتەجێبووەکان کە دوور نین لە بنکەکەوە بەر زەوی کەوتوون.

دوابەدوای بەئامانجگرتنەکە، ناوچەکە فڕینی بەردەوامی فڕۆکەکانی بەسەر ئاسمانی بنکەکەوە بەخۆوەبینی و دەنگی ئاگادارکەرەوە لەناوچەکە بیسترا، تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام هەمان بنکە پێشتر کەوتووەتە بەر هێرش کە لەلایەن گروپەکانی لایەنگری ئێرانەوە بەرپرسیارێتی لێی راگەێنراوە و گوتویانە ئەم هێرشانە “بۆ پشتیوانی لە غەززە” ئەنجامدراون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش