گیانلەدەسدانی منداڵێک لە کامپی هۆل لە ژێر کاریگەری سوتاندا

هۆل- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، کچە منداڵێکی عێراقی لە کامپی هۆل،لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکە بەهۆی سووتانی هەموو جەستەیەوە، گیانی لەدەستدا.

بەرەبەیانی دوێنێ، شەممە، ئاگرێك لە چوار خێوەتی كەرتی یەكەمی تایبەت بە عێراقییەكان كەوتەوە و لە ئەنجامدا زەینەب خەلوف (8 ساڵ) بە پلەی جیاوازی سووتاوی، سووتا، دوای ئەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی حیکمە لە شاری حەسەکە.

زەینەب خەڵکی پارێزگای نەینەوای رۆژئاوای عێراقە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کامپەکە وتی، “لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، و شایەتی هەندێک لە دانیشتووان، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئاگرەکە بە ئەنقەست هەڵگیرسێنراوە و لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن”.

ئاگرەکە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەی کە هێزە ئەمنییەکان لەناو کامپەکەدا دەستیان پێکرد، بۆ گەڕان بەدوای شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و هاوکارەکانیان.

کاتێکی پێشتری ئەمڕۆ، یەکشەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژاڤا ڕایانگەیاندبوو کە تا ئێستا 48 کەسیان دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە داعش بن، هەروەها 54 خێوەتیان لابردووە کە ڕێکخراوەکە بۆ مەشق و ڕاهێنان بەکاریدەهێنا.