هێرشەکان بۆ سەر بارەگاکانی “هەسەدە” لە دێرەزوور درێژەیان هەیە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی یەکشەممە چەند هێرشێک کرانە سەر بارەگا و کاروانە سەربازییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندەواری دێرەزوور، کە لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە ئەنجامدرابوون و لە ئەنجامدا بریندار و زیانی ماڵی لێکەوتەوە.

سەرچاوەیەکی سەربازی “هەسەدە” له دێرەزوور به نۆرس پرێسی راگەیاند کە چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کرده سەر بارەگایەکی سەربازی هێزەکانی سووریای دیموکرات له چواردەووری رووباری فورات له شارۆچکەی “شەغفە” له گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور و زیانەکانیان سنووردار بوون بە زیانی ماڵی.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشبەران ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان بە چەکی ئاسایی لە نزیک “لایز گرانیج” لە شارۆچکەی گرانیج لە گاندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوو کردە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو ئەندامی “هەسەدە” برینداربوون، کە بە گوتەی پزیشکێک لە نەخۆشخانەی هەجین ، باری تەندروستیان باشە.

لە شاری هەجین لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، بە چەکیئ ئاسایی هێرشکرایە سەر پێگەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کەنارەکانی فورات، لەو ماوەیەدا هێرشبەران و ئەندامانی “هەسەدە” لەو خاڵانە تەقەیان ئاڵوگۆڕ کرد و ناچاریان کردن بکشێنەوە.

هەر لە هەمان بەرەدا، هێرشبەرە نەناسراوەکان هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) لە نێوان شارۆچکەکانی ئەلسەبحە و ئەلبوسەیرە، لە ئەنجامدا ئەندامێکی ئاسایش بریندار بوو.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان