لە دواین مانگی ئەمساڵدا تورکیا زیاتر لە 18 هەزار پانابەری سووری دیپۆرتدەکاتەوە
ئیدلیب – نۆرس پرێس
سەرچاوە ئیدارییەکان لە هەر چوار دەروازەکەی باکوور و باکووری رۆژئاوای سووریاوە ئاشکرایان کردووە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ماوەی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 18 هەزار پەنابەری سوورییان بە زۆرەملێ دیپۆرت کردووەتەوە بۆ سووریا.
سەرچاوەیەکی ئیداری لە دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا، لە باکووری ئیدلب، بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاند، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەو دەروازەوە دیپۆرتکراونەتەوە بۆ ناوچەکانی ئیدلب، کە دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) کۆنتڕۆڵی دەکات، لەم مانگەدا گەیشتە 7 هەزار و 600 کەس، ئەمەش زۆرترین ژمارەیە لەمساڵدا.
هاوکات سەرچاوە هاوشێوەکان لە دەروازەکانی باب ئەلسەلامە و جەرابلوس لە باکوری شاری حەڵەب، رایانگەیاندووە، ژمارەی دیپۆرتکراوەکانی تورکیا لە ماوەی ئەم مانگەدا گەیشتووەتە نزیکەی شەش هەزار و 700 پەنابەر، لەنێویاندا 5 هەزار و 300یان لە رێگەی دەروازەی باب ئەلسەلامەوە و هەزار و 400یان لە جەرابوڵوسەوە بە زۆر نێردراونەتەوە.
هەروەها دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ماوەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا نزیکەی سێ هەزار و 750 پەنابەریان لە دەروازەی گرێ سپی داگیرکراوەوە لە باکووری رەققە دیپۆرت کردووەتەوە کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.
بەمەش کۆی گشتیی پەنابەرانی دیپۆرتکراوە لە هەر چوار دەروازەکەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 18 هەزار کەس، لەکاتێکدا پرۆسەری دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سووری لە لایەنب تورکیاوە لەژێر ناوی “گەڕانەوەی خۆبەخشانە”دا ئەنجامدراوون.