ئەمریکا سزا دەخاتە سەر “تۆڕێکی ئێرانی” کە هاوکاری “حوسییەکان”ی دەکرد

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر “تۆڕێکی ئێرانی”دا سەپاند، کە هاوکاریی داراییان دابین دەکرد بۆ گرووپی “حوسییەکان”ی یەمەن.

ماوەی زیاتر لە مانگێکە “حوسییەکان” هێرشی دووبارە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سووردا دەستپێکردووە و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر جوڵەی بازرگانی دەریای سوور هەبووە.

وەزارەتەکەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە “گەمارۆی بەسەر تۆڕێکی ئێرانیدا سەپاندووە بەهۆی پشتیوانیکردنی دارایی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سووردا”.

ڕۆژی 7ی کانونی یەکەمی رابردوو، ئەمریکا سزای بەسەر 13 کەس و لایەندا سەپاند، کە بە گوتەی ئەوان دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ گروپی حوسییەکان گواستوەتەوە، لە کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی ئێرانیدا.

وەزارەتەکە دەشڵێ: ئەم سزایانە کەسێک و سێ لایەن دەکەنە ئامانج، بە هۆی رۆڵیان لە ئاسانکاریکردن بۆ ناردنی پارە لە ئێرانەوە بۆ حوسییەکان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی