وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەربارەی کوژرانی “موسەویی” بە بۆردوومانێکی ئیسرائیل لە سووریا راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی سووریا رایگەیاند، بۆردومانەکەی ئێوارەی دووشەممەی رابردووی ئیسرائیل لە چواردەووری دیمەشق بووە هۆی کوژرانی “رەزا موسەویی راوێژکاری سەربازی لە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق”.
دوێنی تەرمی موسەویی لە فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەلمەززەوە بۆ شاری قوم لە ئێران بە ناو خاکی عێراقدا گواسترایەوە، میدیاکان رایگەیاند کە ناوبراو بەرپرسی سوپای پاسدارانی ئێران بووە لە سووریا و رێکخەری سەربازیی نێوان تاران و دیمەشق بووە.
وەزارەتەکە دەڵێ، بۆردومانەکەی ئیسرائیل “پێشێلکردنی رێککووتننامەی ڤیەننایە بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، “ئەوان پابەندن بە مافە جێگیرەکانی خۆیانەوە بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و سەربەخۆیی و یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سووریا و هێرشە هیسترییەکانی ئیسرائیل رێگر نابن لە بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لەلایەن ئیسرائیل و سپۆنسەرەکانیەوە پشتیوانی دەکرێت و ئیرادەیان سنووردار ناکات بۆ گێڕانەوەی خاکە داگیرکراوەکانیان”.
لە راگەێنراوەکەدا داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت لە کۆتایی هێنان بە “سیاسەتە شەڕانگێزەکانی ئیسرائیل، کە هەڕەشەی گڕگرتنی ناوچەکە و پاڵنانی بەرەو هەڵکشانی هەمەلایەنە و هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکات”