بەرێوبەریی خۆسەریی: بۆردوومانەکانی تورکیا پرۆسەی خوێندنیان پەکخستووە لە 712 قوتابخانە و هەزارەها قوتابی لە خوێندن بێبەش بوون
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی پەروەردەی بەرێوبەریی خۆسەریی دیموکراتی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، بۆردومانەکەی تورکیا پرۆسەی خوێندنی لە زیاتر لە 700 قوتابخانەدا وەستاندووە، هەروەها هەزاران خوێندکار لە مافی خوێندن بێبەش بوون.
ئەمەش لە راگەێنراوێکدا هات کە دەسەتەکە لەبەردەم بارەگاکەی لە شاری رەققە پێشکەشی کرد و هێرشەکانی تورکیای شەرمەزار کرد، کە بووەتە هۆی راگرتنی پرۆسەی خوێندن لە رۆژئاڤا، بە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە، بۆ سەلامەتی خوێندکاران و مامۆستایان.
لە راگەێنراوەکەدا ئاشکرایانکردووە، پڕۆسەی خوێندن لە 712 قوتابخانە راگیراوە، هەروەها 89 هەزار و 418 خوێندکار لە خوێندن بێبەش بوون، ئەمەش بەهۆی بۆردومانەکەی تورکیاوە، کە ژێرخان ودامودەزگا ژیانییەکانی رۆژئاڤای کردووەتە ئامانج.
ماوەی چوار رۆژە تورکیا بۆردومانەکانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان پەرەپێداوە و بە هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی تۆپخانە، کە بووەتە هۆی زیانی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل و بە ملیاران دۆلار زیانی ماددی بە ناوچەکە گەیاندووە، هەروەها زیانی بە بە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان گەیاندووە.
وەزارەتی پەروەردە لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمە یەکەمجار نییە، بەڵکو رەفتارێکی ئاساییە لەلایەن تورکیاوە، کە سەرکردەکان و میدیاکان شانازیی دەکەن بە لەناوبردنی ژێرخانی رۆژئاوای کوردستان، بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا و پشتگوێخستنی یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان”.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بۆردومانەکەی تورکیا “لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و شەرعیەتدا وەک تاوانی جەنگ پۆلێن دەکرێت”، بەو پێیەی بۆردومانەکان بوونەتە هۆی وەستانی پرۆسەی خوێندن لە تەواوی کانتۆنەکانی فورات و عەفرین.
دەستەکە سەرکۆنەی بۆردومانەکە و بێدەنگی نێودەوڵەتییان کرد و داوایان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رووسیا کرد دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا، هەروەها دەزگا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە پەروەردە دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی “تاوانەکانی تورکیا” دژ بە منداڵان.