ئێران سەبارەت بە كوژرانی (رەزی موسەوی) لە سوریا، پەیامێک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەنێرێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ڕاوێژکاری باڵای ئێران لە سوریا، نامەیەکی سەركۆنەكردنی بۆ ئیسرائیل نارد و داوای کرد کە وەک بەڵگەنامەیەک لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار بکرێت.
ڕۆژی دووشەممە، ئیسرائیل ناوچەی سەیدە زەینەبی لە گوندەواری شام بە سێ مووشەک کردە ئامانج، بۆردومانەكە بووە هۆی کوژرانی سەید رەزی موسەوی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە سوریا.
لەمبارەیەوە ئەمیر سەعید ئیروانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەکەیدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆی لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا دەربڕیوە. ناوبراو پێی وایە مامەڵەی نەرم و نیانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵەیە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، موسەوی لە ئەرکێکدا بووە بۆ پاڵپشتیکردنی سوپای سوریا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆر لە نزیک دیمەشق، و بە شێوەیەکی دڕندانە كوژراوە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە ئێران مافی خۆیەتی لە کاتی خۆیدا وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوەی هەبێت و ئیسرائیلیش بە بەرپرسیار دەزانێت لە كوژرانی ئەو سەركردەیەی سوپای پاسداران.
لە سەرەتای ئەم مانگەشدا لە بۆردومانێكی ئیسرائیلدا بۆ دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سوریا، دوو سەرکردەی سەربازی ئێران بە ناوەکانی محەممەد عەلی عەتایی و بەنا تەقی زادە کوژران.
لای خۆیەوە دانیال هاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کوشتنی موسەوی وتی: هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم ڕاپۆرتانە نادەم، گومانی تێدا نییە کە سوپای ئیسرائیل کارێکی هەیە، ئەویش پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیلە.