بە هۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە.. قامشلۆ بەبێ ناوەندی شتنەوەی گورچیلە دەمێنێتەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، دەسەڵاتی تەندروستی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە شاری قامشلۆ رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکەی تورکیا کە ماوەی سێ رۆژە لە رۆژئاڤا بەردەوامە، نەخۆشخانەی شتنەوەی گورچیلە و کارگەی ئۆکسجین، کە ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانەکانی شارەکە و گوندەوارەکەی دابین دەکات، بە تەواوی لە خزمەتگوزاری دەرچوون.

ماسەر ئەلعەباس، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی لە ناوچەی جەزیرە، لە لێدوانێکدا گوتی، “بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، لەنێویاندا ناوەندی شتنەوەی گورچیلە و کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین لە قامشلۆ، بە تەواوی زیانیان بەرکەوتووە”.

دوێنێ دووشەممە، تورکیا کۆمەڵێک دامەزراوەی ژیانی و دامەزراوەی خزمەتگوزاری کردە ئامانج کە گرنگترینیان نەخۆشخانەی شۆردنەوەی گورچیلە و کارگەی ئۆکسجین بوو لە قامشلۆ، کە لەلایەن ئاژانسی ئەمەریکاوە بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی پاڵپشتی دەکرێت، هەروەها بنکەی تەندروستی “مەشتە نور” لە کۆبانی، کە پزیشکانی بێ سنوور پشتیوانی دەکاتە، کەوتە بەر بۆردوومان.

“ماسەر” روونی کردەوە کە ناوەندی شتنەوەی گورچیلە رۆژانە 60-70 نەخۆش وەردەگرێت، لەکاتێکدا کارگەی ئۆکسجین زۆربەی نەخۆشخانەکان و پێویستی نەخۆشەکانی ئۆکسجینی پڕدەکردەوە و ئەم دوو دەزگایە بە تەواویی لەناوچوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە بارگرانییەکی گەورە دەخاتە سەر نەخۆشەکان بۆ ئەوەی بچنە شارەکانی تری سووریا و رۆژئاڤا بۆ چارەسەرکردن، لەکاتێکدا ئەم ناوەندانە خزمەتگوزارییەکانیان لێرە بەخۆڕایی پێشکەشکرد.

هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی لە هەرێمی جەزیرە ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ ئامارێکی وردی زیانە ماڵییەکان لەبەردەستدا نییە، چونکە ئەم دوو ناوەندە لەلایەن رێکخراوە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکانەوە دامەزرێنراون.

ئامادەکردنی: دڵسۆز یوسف – داڕشتنەوەی:سەعد ئەلیازچی