کۆبانێ.. سەرکۆنەی برۆدوومانێکی تورکیا دەکرێت بۆ سەر بنکەیەکی تەندروستی کە خزمەت بە هەزارەها کەس دەکات

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوبەریی خۆسەریی لە کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، سەرکۆنەی بۆردومانێکی تورکیایان کرد بۆ سەر بنکەیەکی تەندروستی، کە خزمەتگوزاری پزیشکی پێشکەش بە هەزاران دانیشتووی ئەو ناوچانە دەکرد، رایانگەیاند کە بۆردوومانەکە کاریگەری لەسەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و موڵک و ماڵی سڤیلیش هەبووە.

دوێنێ تورکیا بە تۆپ و هێرشی ئاسمانی زیاتر لە 20 شوێنی رۆژئاوای کوردستانی کردە ئامانج، لەوانە کلینیکی تەندروستی بوو لە کۆبانی، ئەمە جگە لە بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەیەکی شتنەوەی گورچیلە و کارگەیەکی ئۆکسجین لە قامشلۆ.

خۆسەریی لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ناوەندی پزیشکی “مشتە نور”ی سەر بە دەسەڵاتی تەندروستی، خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەرامبەر پێشکەش بە دانیشتووان دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، “ئەم شێوازانە ئامانجیان نەهێشتنی سەرچاوەکانی بژێوی دانیشتوان و ناچارکردنیانە بە کۆچکردن و لاوازکردنی دامەزراوەکانی خۆسەرییە، کە کاروباری نزیکەی پێنج ملیۆن خەڵک لە رۆژئاڤا و سووریا بەڕێوەدەبەن، لەنێویاندا سەدان هەزار ئاوارە، کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا و حکومەتی دیمەشقەوە هاتوون”.

هەروەها بۆردومانەکەی تورکیایان بە “هێرشێکی ئاشکرا” زانی، گوتیشیان، “ئەوە پێشێلکردنی رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و یاسا مرۆیی نێودەوڵەتییە و بە تاوانی جەنگ دەدانرێن”.

بەڕێوبەریی خۆسەریی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی کرد کە هەنگاو بنێن بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان