تورکیا بازنەی بۆردومانەكانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان فراوانتر دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە سوپای تورکیا بازنەی بۆردومانەکانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان فراوانتر کرد و 14 شوێنی بۆردومان كرد و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە.

بۆردومانەكانی تورکیا بۆ سەر قامشلۆ و گوندەوارەكانی دامەزراوەیەکی پیشەسازی لە گەڕەکی عەلایە لە دەوروبەری زیندانەکەی ئەو گەڕەكە کردە ئامانج کە ئەندامانی رێكخراوی تیرۆریستانی (داعش) ی لێیە، چاپخانەی سیماڤ، دامەزراوەیەکی چیمەنتۆ، سایلۆی دانەوێڵە، گوندی سیکرکا، کارگەی چنین و وێستگەی شەمەندەفەر و كارگەی چیمەنتۆی گوندی شورک .

هەروەها لە عامودێ، هێزی ئاسمانی توركیا چەندین شوێن و دامەزراوەی كردە ئامانج لەوانە هۆڵێكی زەماوەند، کارگەیەكی زەیتون، ڕێگای بەستنەوەی شاری عامودێ بە حەسەکە ، جگە لە گوندی محرکان لە تربەسپی، هەروەها گەراجێکی وەستانی ئۆتۆمبێل لە کۆبانێ.

بۆردومانەکەی تورکیا بووە هۆی گیان لە دەستدانی ژنێكی گەنج لە چاپخانەی سیماڤ بە ناوی بێریڤان زوبەیر جیا لە دوو گەنجی تر كە یەكێكیان ناوی “رێناس” بووە.

بەپێی ئامارێکی سەرەتایی کە لەلایەن بەشی چاودێری و بەڵگەكردنی ئاژانسی نۆرس پرێسەوە تۆمارکراوە، بۆردومانەکە لە هەردوو شاری قامیشلۆ و کۆبانێ لانیکەم 10 کەس برینداربوونە.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان