سووپای ئوردن دەستبەسەرداگرتنی “برێکی زۆر” ماددەی هۆشبەریان لە سنووری سووریا راگەیاند
دیمەشق – نۆرس پرێس
سەرچاوەیەکی سەربازی لە فەرماندەیی گشتیی سوپای ئوردن رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە دوێنێ یەکشەممە لەلایەن هەرێمی سەربازیی رۆژهەڵاتەوە ئەنجامدرا، دەست بەسەر “بڕێکی زۆر” ماددەی هۆشبەردا گیرا، کە قاچاخچییەکان دەیانویست لە خاکی سووریاوە بۆ ئوردن رەوانەی بکەن.
ئەو سەرچاوەیە بە کەناڵی “ئەلمەملەکە”ی حکومەتی راگەیاند، هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرێتی کۆنتڕۆڵی ماددە هۆشبەرەکان و دەزگا ئەمنییە سەربازییەکان، لە رێگەی چاودێری پێشوەختەوە چاودێری هەوڵێکیان کردووە لەلایەن کۆمەڵێک قاچاخچییەوە بۆ بەزاندنی سنوور بەشێوەیەکی نایاسایی لە خاکی سووریاوە، بەشی کاردانەوەی خێرا وەڵامی دانەوە و یاساکانی جەنگیان بەسەردا جێبەجێکرا، بە تەقەکردنی راستەوخۆیان، کە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەکیان و هەڵهاتنی ژمارەیەکی دیکەیان بۆ قووڵاییەکانی خاکی سووریا.
هێزەکانی ئوردن دەستیانگرت بەسەر 537 هەزار حەبی کاپتاگۆن و 188 گوژمە حەشیش و بڕێکی زۆر تەقەمەنییدا و ئەو کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران.
ئەو فەرماندە سەربازییە دووپاتی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئوردن بەردەوام دەبن لە مامەڵەکردنی توند و یەکلاکەرەوە لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکدا لە سنوور، هەروەها هەر هەوڵێک بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و ناسەقامگیری و ترساندنی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی.