زیانی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاترە لە ملیارێک دۆلار
رەققە – نۆرس پرێس
بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس زیانی بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەبەڵگە دەکات، کە بڕی یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، هەروەک کاردانەوەکانی بەئامانجگرتنی ژێرخانی رۆژئاڤا لەسەر دانیشتوانی چاودێری کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس ئامادەی کردووە، تورکیا 37 شوێنی ژێرخانی و 253 شوێنی نیشتەجێبوون و 41 شوێنی سەربازی بۆردومانکردووە، هەروەها 88%ی شوێنە ئامانجدارەکان ناوچەی سڤیل بوون و دوور بوون لە ناوچەی سەربازی.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە کە پێدەچێت تورکیا مەبەستی لەو بۆردوومانانە لاوازکردنی ناوچەکانی رۆژئاڤا و لەناوبردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بێت، کە بەڕێوبەریی خۆسەریی پێشکەش بە دانیشتووانی دەکات، بەبێ ئەوەی بچوکترین رەچاوی ژیانی هاوڵاتیانی سڤیل بکات کە دەکوژرێن یان بریندار دەبن، بە بێ گوێدانە ئامرازی ژیانی ملیۆنان کەس لە خەڵکی رەسەن و ئاوارە سوورییەکانی ئەم هەرێمە.
بەڵگەنامەکان دەریانخستووە کە تورکیا توانیویەتی بەشێکی زۆری کەرتە بنەڕەتییەکان لەناوببات، دیارترینیان بەرهەمهێنانی وەرگیراوەکانی نەوت و غازی ناوخۆیی و کارەبا بوون، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاستی ژیانی دانیشتووان هەبووە و مافەکانیان پێشێلکردووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک.
کۆی زیانەکانی کەرتی وزە کە دیارترینیان وێستگەکانی نەوت و کارەبان، زیاترە لە یەک ملیار و 270 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش بەهۆی توانا سنووردارەکانی هەرێمەکەوە زیانێکی زۆر گەورەیە بۆ سەر ئابووری رۆژئاوای کوردستان.
درۆنەکانی تورکیا وایکردووە ژێرخانی رۆژئاوای کوردستان داڕمێت و کاری نۆژەنکردنەوەیان سەخت بێت، راپۆرتەکە دەڵێ: “دەبێت دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنەکانیان هەڵبگرن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەرفەتیان پێنەدات کە بە ئاشکرا هەڕەشەکە رابگەیەنن و هێرش و بۆردوومان ئەنجام بدەن، کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ملیۆنان دانیشتووی ناوچەکە لەناودەبەن.
بەرپرسانی ناوخۆیی بڕی نەوتی سووتاویان بەهۆی بۆردوومانەکەوە بە نزیکەی 621هەزار و 175 بەرمیل خەمڵاندووە.
پسپۆڕێکی بواری ژینگە ئاماژەی بە مەترسییە درێژخایەنەکانی گڕگرتنی نەوت کرد بۆ سەر ژینگە و مرۆڤ، بەهۆی دەردانی بڕێکی زۆر دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازی میسانەوە و پیسبوونی هەوا بە گازی ژەهراوی و توخمە کانزاییەکانی وەک هایدرۆجین سەلفاید، نایترۆجین، جیوە و ئارسنیک .
وەک نۆرس پرێس بەبەڵگەی کردووە، پەمپکردنی ئاوی پاک لە شار و شارۆچکەکانەوە بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج رۆژە، بەهۆی لەدەستدانی کارەبا و سووتەمەنیەوە وەستاوە، بەو پێیەی ماوەی پچڕانی کارەبای گشتی لە شار و گوندەکان گەیشتووەتە 22 کاتژمێر لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا نەبوونی سووتەمەنی بووەتە هۆی ئەوەی مۆلیدە ئەهلییەکانی کارەبا لە بەشێکی گەڕەکەکانی شارەکە بکوژێننەوە.