
هێزەكانی تورکیا بۆردومانی دامەزراوە نەوتی و خزمەتگوزارییەکانی رۆژئاوای كوردستان دەكەن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئێوارەی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چەندین هێرشی ئاسمانی بۆردومانی دامەزراوە نەوتی و خزمەتگوزارییەكانی گوندەواری قامیشلۆ و دێرکیان كرد لە رۆژئاوای كوردستان.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاند: فڕۆکەکانی تورکیا کێڵگەی عۆدە و بانکی کشتوکاڵییان لە تەبەسپی لە گوندەواری قامیشلۆ کردووەتە ئامانج.
هاوکات ئەو فڕۆکانە بە زیاتر لە 10 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ناوچەی كۆچەرات لە گوندەواری دێرکی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتەکان وێستگەی حەوتیان کردە ئامانج لە گوندی بانی شەکفتی سەر بە گوندەواری دێرک.
ئەمە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی بەرپەرچدانەوەی کوشتنی سەربازانی تورکیای کردبوو، ئەویش بە ئامانجگرتنی رۆژئاوای كوردستان و عێراق.