رایدەر: ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر هێزەکانمان لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند: “ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە مەشقیان پێدەکرێت و پرچەک دەکرێن”.
رایدەر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا، دەربارەی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سووریا بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، رایگەیاند “ئەو گرووپانە بریکاری ئێرانن، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە مەشقیان پێدەکرێت و پڕچەک دەکرێت و پاڵپشتی دارایش دەکرێن”.
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەکرد زیاتر لە 20 وڵات رازی بوون بێنە نێو هاوپەیمانێتییە نوێیەکەی ئەمریکا “بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریای سوور و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی حووسییەکان لەو ناوچەیە”.
بە گوێرەی پێنتاگۆن لە 17ی تشرینی یەکەمی 2023وە میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، 102 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و بەهۆی ئەو هێرشانەوە، 66 سەربازیان بریندار بوون، بەڵام سەرجەمیان برینەکانیان سووک بوون و ئێستا گەڕاونەتەوە سەر ئەرکە سەربازییەکانی خۆیان.
پێشتریش، پێنتاگۆن رایگەیاندبوو، لە 19ی تشرینی دووەمەوە، حوسییەکان لانیکەم 100 مووشەک و درۆنیان ئاراستەی 10 کەشتیی بازرگانی و بارهەڵگری زیاتر لە 35 وڵات لە دەریای سوور کردووە.