کۆشکی سپی پێشنیارێکی نوێ ئامادە دەکات بۆ ئازادکردنی دوو زیندانییە ئەمریکییەکە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، کۆشکی سپی رایگەیاند، پێشنیارێکی نوێ بۆ رووسیا ئامادە دەکەن، بۆ ئازادکردنی دوو زیندانی ئەمریکی، ئەمەش دوای رێکەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان هات، کە چوارشەممەی رابردوو لەگەڵ ڤەنزوێلا جێبەجێیان کرد.
جۆن کیربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، “ئێمە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی پێشنیارێکی دیکە بخەینەڕوو کە رەنگە سەرکەوتووتر بێت”.
سەرەتای ئەم مانگە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە “مۆسکۆ پێشنیاری ئازادکردنی ئەمریکییەکان ئیڤان گێرشکۆڤیچ، پەیامنێری وۆڵ ستریت جۆرناڵ و پاوڵ ویلان، کە پێشتر لە هێزی دەریایی بووە، رەتکردەوە”.
دواتر ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، کە هیوادارن بگەنە چارەسەرێک، بەڵام ئەمریکا پێویستی بەوەیە بڕیارێک بدات کە لەگەڵ فیدراسیۆنی رووسیادا بگونجێت.
کیربی گوتی: “ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا پێشنیارێکی جددی پێشکەش کردبوو، بەڵام رووسەکان بەبێ گوێدانە ئەوەی پوتین چی گوتووە، پێشنیارەکەیان رەتکردەوە”.
گێرشکۆڤیچ (32 ساڵ) لە کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا لە شاری یکاتێرینبۆرگ لە چیای ئۆرال لەکاتی ئەرکێکی رۆژنامەوانیدا دەستگیرکرا، کە یەکەم رۆژنامەنووسی رۆژئاوایە لە سەردەمی سۆڤیەتەوە بە سیخوڕی تۆمەتبار بکرێت و بە توندی ئەو تۆمەتانەیشی رەتیکردووەتەوە.
سەبارەت بە ویلان (53 ساڵ)، ئەو لە بواری ئەمنیدا لە کۆمپانیایەکی ئەمریکی تایبەت بە پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل کاری دەکرد، کاتێک لە ساڵی 2018دا لە مۆسکۆ دەستگیرکرا.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، چوارشەممەی رابردوو بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاندبوو کە ئەمریکا و ڤەنزوێلا گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی 10 زیندانی ئەمریکی لە بەرامبەر ئازادکردنی کەسێکی نزیکی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆککۆماری ئەمریکا.