کوژرانی کۆچبەرێک و برینداربوونی یەکێکی دیکە بە گولـلەی جەندرمەی تورکیا لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو
عەفرینی داگیرکراو – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، لەکاتی هەوڵدانیان بۆ بەزاندنی سنوور بەرەو تورکیا لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو لە رۆژئاڤا، بە گولـلەی جەندرمەی تورکیا کۆچبەرێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
سەرچاوە خۆجێیەکانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، جەندرمەی تورکیا راستەوخۆ تەقەیان لەو کۆچبەرە سورییانە کردووە، لەکاتێکدا هەوڵیاندەدا سنووری دەستکردی نێوان سووریا و تورکیا ببەزێنن، لە نزیک گوندی فەڕفەڕکە، لە ناحیەی راجۆ، لە باکووری رۆژئاوای عەفرینی داگیرکراو.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو کەسەی کوژراوە، محەمەد مەهدی ئەلعەلی (23 ساڵ)ە، بریندارەکەش حەمەدین کرنازی (18 ساڵ)ە، کە لە پشتیدا بریندار بووە و لە دۆخێکی سەختدا گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی راجۆ .
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە جەندرمەی تورکیا 18 کۆچبەری دیکەیان دەستگیرکردووە، کە 5یان ژن بوون و بە توندی لێیان داون و دواتر رادەستی میلیشیاکانی “شوڕتەی عەسکەری” سەر بە تورکیایان کردوون.