خولێکی راهێنان بۆ رۆژنامەوانانی نۆرس پرێس لە ئەکادیمیای سی ئێن ئێن بەڕێوەچوو

قامشلۆ – نۆرس پرێس

نۆرس پرێس خولێکی راهێنانی لە ئەکادیمیای سی ئێن ئێن تەواو کرد کە ماوەی 12 هەفتە بەردەوام بوو، وۆرک شۆپەکە تایبەت بوو بە راهێنان لە سەر کارامەیی رۆژنامەوانی لە ئامادەکردنی هەواڵ و چیرۆکە هەواڵ و بەڕێوەبردنی ژووری هەواڵ و رۆژنامەگەری بینراو و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

لە خولەکەدا شەش هەواڵساز لە بەشە جیاوازەکانی نۆرس پرێس بەشدارییان کرد و ماوەی 12 هەفتە بەردەوام بوو، کە وانەکان لەلایەن سەرنوسەرە باڵاکانی سی ئێن ئێن و لە ناوەندی سەرەکی ئاژانسەکەوە لە شاری ئەتلەنتا لە ویلایەتی جۆرجیا لە ئەمریکاوە پێشکەشکرا.

لۆک هێندێرسۆن، سەرۆکی راهێنەر لە ئەکادیمیای سی ئێن ئێن و سەرپەرشتیاری ئەو خولەی کە نۆرس پرێس لەگەڵ 13 راهێنراوی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداریی تێدا کرد، رایگەیاند کە ئامانجی خولەکە بەهێزکردن و پەرەپێدانی تواناکانی رۆژنامەنووسانە، هەروەها ئەکادیمیاکە ساڵانە دوو خولی راهێنان ئەنجام دەدات.

کۆتایی خولەکە بە بەرنامەیەکی راهێنانی رۆژنامەگەری مۆبایل بوو، کە ماوەی هەفتەیەکی خایاند، کە لەلایەن راهێنەری رۆژنامەگەری مۆبایل، “گلێن مولکاهی”ەوە بەڕێوەچوو و راهێنراوەکان ئەرکی وێنەگرتن و مۆنتاژکردنی راپۆرتە هەواڵییە تەلەفزیۆنییەکانیان پێدرا بە بەکارهێنانی تەنها مۆبایل.

دوو لە چوار چیرۆک، کە لەلایەن نۆرس پرێسەوە نێردرابوون، بوون بە براوەی خولەکە.

ئامادەکردنی: جوان شکاکی – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش