فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا: هێرش کرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بە هاوکاری هێزە عێراقییەکان لێکۆڵینەوەیان ئەنجامداوە و دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە، کە مووشەکەکانی لێوە هاوێژراون.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: “دوێنێ چوارشەممە کاتژمێر 07:30 بەیانی بە کاتی عێراق، مووشەکێکی 122 مللیمەتری ئاراستەی بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە عەین ئەسەد کراوە”.
راشیانگەیاند، دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی عێراقیان لێ ئاگادارکردووەتەوە، ئەوان لێکۆڵینەوەیان کردووە و دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە، کە پێنج مووشەکی لێوە هاوێژراوە.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە “هیچ کەسێک بەو هۆیەوە گیانی لەدەستنەداوە و بریندار نەبووە، هیچ زیانێکی مادیش نەکەوتووەتەوە.”
بەگوێرەی ئەمریکا؛ تائێستا 102 هێرش کراونەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا، کە دوایینیان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بوو لە بەغدا.
ڤیکتۆریا نولاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیدا لە گەڵ سەرۆکوەزیرنی عێراق لە بەغدا، تاوتوێی هێرشەکانی سەر بنکەکەیان کرد لە عێراق و سووریا و رایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت هاوکاری عێراق بکات بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی سەر بنکە و هێزەکانیان، کە لە عێراق و سووریا جێگیرکراون.
دوێنێ چوارشەممەش، نولاند لە سەردانێکیدا بۆ هەولێر، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق هەمان بابەتی تاوتوێ کرد.