وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشێلکارییەکانی میلیشیای”جەیش وەتەنی” لە ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاڤا دەخاتەڕوو

رەققە –نۆرس پرێس

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لە پێشێلکارییەکانی میلیشیای”جەیش وەتەنی” و حکومەتی کاتی سووریا دەکات لە ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و پێویستی پابەندبوون بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و گرنگی رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و یاساکانی شەڕی چەکداری و لێپرسینەوە لێیان دەخاتەڕوو.

هەینی رابردوو، نیکۆلاس گرانگەر، بەرێوەبەری ناوچەیی بۆ دۆسیەی سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و عەبدولڕەحمان مستەفا، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاتی سووریا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر دۆخی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن کرد کە لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت ( ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان).

عەبدولڕەحمان مستەفا ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا کە لە غازی عەنتاب لە تورکیا بەڕێوەچووە، باسیان لە “ئەو رێوشوێنانە کردووە، کە حکومەتی کاتی بۆ رێکخستنی “جەیش وەتەنی” و پابەندبوون بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانەوە گرتوویانەتە بەر.

ڕۆژنامەی “ئەلعەرەبی ئەلجەدید” لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە کە ناوی نەهێنراوە، رایگەیاندووە، “ئێمە هیچ لێدوانێک لەسەر گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان نادەین، بەردەوامین لە بەرزکردنەوەی پێویستی رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی لێپرسینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەگەڵ هەموو لایەنەکان”.

راشیانگەیاندووە، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە دڵنیایی گرانگەر کردووە، لە ئامادەیی ئەمریکای بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی کاتی بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بە شێوەیەک کە دەبێتە هۆی باشترکردنی سیستماتیکی هەڵسوکەوتی ئەو گروپانەی کە “جەیش وەتەنی” پێکدەهێنن.

مانگی ئابی ساڵی رابردووش وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر سێ سەرکردەی دیاری ئەو دوو میلیشیایەدا سەپاند، ئەوانیش سەرۆکی “لیوای سولەیمان شا”، محەمەد حسێن ئەلجاسم، کە نازناوی “ئەبو عەمشە”یە و وەلید حسێن ئەلجاسم، کە بچوکترە لە ئەبو عەمشەی برای، کە رۆڵی سەرکردایەتیش لە گروپی”لیوای سلێمان شا”دا هەیە، سەرۆکی “فیرقەی حەمزە”، سەیف بولاد ئەبوبەکر، ئەمە جگە لە کۆمپانیای بازرگانی ئۆتۆمبێلی ئەلسەفیر ئۆتۆ، کە ئەبو عەمشە خاوەندارێتی دەکات.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، ئەم سزایانە “پابەندبوونی ئەمریکا نیشاندەدەن بۆ بەهێزکردنی لێپرسینەوە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، بەبێ گوێدانە تاوانبارەکە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “ئامانجی سزاکانمان سەپاندنی گۆڕانکاریی شایستەیە لە رەفتارەکاندا”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان