دیمەشق – نۆرس پرێس
ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور راگەیاند، لەژێر ناوی “دەستپێشخەریی ئەمنی فرەنەتەوەیی” کە 10 وڵات لەخۆدەگرێت.
لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە راگەێنراوێکدا دەڵێت: “پێویستە ئەو وڵاتانەی هەوڵی دامەزراندنی بنەمای بنەڕەتی ئازادی کەشتیوانی دەدەن کۆببنەوە، بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە ببنەوە کە ئەم هاوپەیمانێتییە دەیخاتەڕوو”.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە لە غەززە، بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان و رووداوەکانی دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییانەی کە ئیسرائیل خاوەندارێتیان دەکات یان نزیکن لە ئیسرائیلەوە، چەندین جار کەشتیوانی دەریایی پەکخراوە.
هاوپەیمانییەکە هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، شانشینی بەریتانیا، بەحرەین، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، سیشێل و ئیسپانیا لەخۆدەگرێت.
ئۆستین گوتی هاوپەیمانی ئەمنی کاردەکات “بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی بۆ هەموو وڵاتان و پێشخستنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی ناوچەکە”.
دوێنێ دووشەممە، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “لە دەریای سووردا سەرکردایەتی هێزێکی دەریایی فرەنەتەوەیی دەکەین بۆ پاراستنی بنەمای بنەڕەتی ئازادی کەشتیوانی، دەبێت پشتیوانی ئێران لە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بوەستێنرێت”.