ئیسرائیل چواردەووری دیمەشقی بۆردوومان کرد
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە میدیاکانی حکومەتی سووریا رایانگەیاند، کە بۆردومانێکی ئیسرائیلی ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سوریای کردووەتە ئامانج.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە زیادی کردووە و ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە هێرشەکانی جموجۆڵ و عەمبارەکانی چەکی ئێرانی دەکەنە ئامانج.
تەلەفزیۆنی فەرمی سووریا بڵاویکردەوە کە “دەستدرێژییەکی ئیسرائیلی ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی کردووەتە ئامانج”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، “بەرگری ئاسمانی سووریا وەڵامی ئەو دەستدرێژییەیان دایەوە و مووشەکەکانیان خستە خوارەوە و زیانەکانیش سنووردار بوون بە زیانی ماڵی”.
لای خۆیەوە پەیامنێری شام ئێف ئێم لە دیمەشق هەواڵی تەقینەوە نوێیەکانی لە دەوروبەری پایتەخت و گوندەوارەکانی بڵاوکردەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژەن بۆ بۆردومانێکی ئیسرائیلی کە پێگەکانی دیمەشق و گوندەوارەکانی کردووەتە ئامانج.