رژێمی سووریا فەرمان دەکات بە میلیشیاکان کە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی هاوپەیمانی لە رۆژئاوای کوردستان

دێرەزوور – نۆرس پرێس

لە بروسکەیەکی بەپەلەدا رژێمی سووریا رایگەیاندووە، کە دیمەشق گروپێک لە هێزەکانی حکومەتەکەی ئامادە دەکات بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی ئەمنی ئاگادار لە ناوەڕۆکی بروسکەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند کە دیمەشق بروسکەیەکی بەپەلەی ناردووە، لەژێر ناوی “زۆر نهێنی”، بۆ سەرکردایەتی ناوچەی رۆژهەڵاتی دێرەزوور و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیان لە قامشلۆ.

ئەو بەرپرسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بروسکەکەدا داوای ئامادەکردنی 100 ئەندامی فەوجەکانی 21 و 23ی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق کراوە، بەمەرجێک خەڵکی پارێزگاکانی ناوخۆی سووریا و دێرەزوور بن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو هێزانە رەوانەی دێرەزوور دەکرێن بۆ ئەوەی لەژێر فەرماندەیی ئێراندا بن، لەژێر ناوی “ئەرکی تایبەت” و وەک گروپی بچووک کەڵکیان لێوەردەگیرێت.

ئەمانە لە لایەن ئێرانەوە مەشقی سەربازییان پێدەکرێت، بۆ بە ئامانجگرتنی بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و خاڵەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندەواری دێرەزوور.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، تاران 100 دۆلاری ئەمریکی وەک مووچەی مانگانە دەدات بەو چەکدارانە، ئەمە جگە لە مووچەکەیان لە سوپای سووریاوە، هەروەها چەندین یارمەتی لە جۆری جلوبەرگ و خواردنیشیان بۆ دابین دەکات.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: مەعاز ئەلمحەممەد