“هەسەدە” دوو هەوڵی دزەکردنی چەکدارانی رژێم بۆ ناوچەکانیان لە دێرەزوور پووچەڵ دەکاتەوە
دێرەزوور – نۆرس پرێس
شەوی یەکشەممە هێزەکانی سووریای دیموکرات دوو هەوڵی دزەکردنی چەکدارانی سەر بە هێزەکانی حکومەتی سووریایان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە گوندەواری دێرەزوور پووچەڵکردەوە.
ناوچەکانی دێرەزوور بەردەوام هەوڵی دزەکردنی میلیشیاکان بەخۆوە دەبینن، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێ سەر بە رژێمی سووریان و پێگەکانیان دەکەنە ئامانج.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە دێرەزوور رایگەیاند، ئەنجومەنی سەربازی هەجین، کە سەر بەهێزەکانی سووریای دیموکراتن، هەوڵێکی دزەکردنی میلیشیاکانیان پووچەڵکردەوە، دوای ئەوەی لە ناوچەی حەویجه لە رێڕەوی رووباری فورات لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور گەمارۆیان دان.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەنجومەن و چەکدارەکان روویداوە و لە ئەنجامدا سێ چەکدار گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، کە “ناچار”یان کردوون بگەڕێنەوە ناوچەکانیان لە رۆژئاوای فورات.
بەپێی سەرچاوەکە، لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور، “هەسەدە” هەوڵێکی دیکەی پەڕینەوەی چەکدارانی هێزەکانی حکومەتیان لە هەمان کاتدا لە شارۆچکەی موحەیمیدە پووچەڵ کردەوە، کە گروپێک لەو چەکدارانە هەوڵی دزەکردنیان داوە لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە.