حكومەتی دیمەشق هێزێكی زۆر رەوانەی باكووری درعا دەكات
درعا – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی حکومەتی سوریا هێزێكی سەربازی زۆری رەوانەی دەوروبەری شاری جاسم كرد لە گوندەواری باکوری درعا.
سەرچاوە خۆجێیەكان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، هێزێكی زۆری حكومەت گەیشتوونەتە خاڵە سەربازییەکانی دەوروبەری شاری جاسم.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێزەکانی حکومەت خاڵێکی سەربازییان داناوە بە سەرباز و پێداویستی سەربازی زۆرەوە، لەسەر ئەو ڕێگایەی شارەکانی جاسم و ئینخیل لە گوندەواری باکوری درعا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
گوندەواری باکوری درعا رۆژانە رووبەڕووی هێرشی هێزەکانی دژ بە حکومەت دەبێتەوە، گەورەترینیان بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی حكومەت بوو، لە شەشی ئەم مانگەدا لە ئەنجامدا چوار ئەندامی هێزەكانی حکومت کوژران و سێی دیكەش بریندار بوون.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێزەکانی حکومەت خاڵێکی سەربازی نوێیان لە باکووری شاری جاسم لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان دامەزراندووە.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە شاری ئەلسنەمەین لە گوندەواری باکوری درعا هێزەکانی حکومەت لە ئامادەباشیدان ، ئەمەش ترسی لای دانیشتووانی ئەو شارە درووستكردووە لەوانەیە هێزەکانی حکومەت هێرش بکەنە سەر شاری جاسم.