ئیدلب.. هاووڵاتییەكی سوری لەژێر ئەشکەنجەی جەندرمەی تورکی گیانی لەدەستدا
ئیدلب – نۆرس پرێس
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە باکوری ڕۆژئاوای ئیدلب گەنجێکی سوری لە ژێر ئەشكەنجەی جەندرمەی توركی گیانی لەدەستدا و دەیان کەسیش بە توندی هێرشیان كرایەسەر و لێیاندرا، دوای ئەوەی لەکاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنووری تورکیا دەستبەسەرکران.
لە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردووش گەنجێکی سوری لە کاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنووری سوریا و تورکیا لە نزیک شاری گرێ سپی لە رۆژئاوای كوردستان بە گولـلەی جەندرمەی تورکی گیانی لەدەستدا، دواتر گەنجێکی دیکە لە ناوچەی ئەلباب لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەلەب کوژرا.
دانیشتووانی ناوچەی سەلقین بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ جەندرمەکانی تورکیا بە توندی لە گروپێکی سورییان داوە کە پێکهاتبوون لە 30 کەس، لەنێویاندا سێ ژن هەبووە، لەو كاتەی هەوڵیان دەدا سنووری تورکیا ببڕن لە نزیک گوندی تولول لە گوندەواری سەلقین، لە باکووری ڕۆژئاوای ئیدلب.
ئاماژەیان بەوەشکرد، یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە بەناوی سەلیم شەهرانی (تەمەن 22 ساڵ) كە خەڵکی پارێزگای ڕەققە بووە، بەهۆی ئەوەی لەلایەن سەربازانی تورکیاوە بە ئاسن لێی دراوە، گیانی لەدەستداوە، لەهەمانكاتدا پێنج ئەندامی گروپەکە بەهۆی برینداربوونیان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری سەلقین.