بەرپرسێکی ئەمریکی: موشەکێکی حوسییەکان لە دەریای سوور شکستی هێنا لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکی کۆنتێنەردا

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند: مووشەکێک کە لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی گرووپی حوسییەکانەوە لە یەمەنەوە ئاراستەکراوبوو، لە هەوڵی بەئامانجگرتنی کەشتییەکی کۆنتێنەردا شکستی هێنا، کە بە ناو تەنگەبەری  باب ئەلمەندەبدا تێدەپەڕی.

بەر لە سێ رۆژ، حوسییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشێک راگەیاند کە گوێزەرەوەی بازرگانی “سترێیندا”ی کردە ئامانج، کەشتییە گوێزەرەوەکە ئاڵای نەرویجی لەسەر بوو، لە باکووری گەرووی باب ئەلمەندەب، هیچ زیانێکی مرۆیی لێنەکەوتەوە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەمریکی – ئەسۆشێتد پرێس (AP) رایگەیاند، هێرشەکە بووەتە هۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک لە ئاوەکانی نزیک کەشتی کۆنتێنەری “مێرسک جبرلتار” بکەوێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەشتییە کۆنتێنەرەکە کە ئاڵای هۆنگ کۆنگی هەڵکردبوو لە “سەڵاڵە”وە لە سەڵتەنەتی عومان بەرەو “جددە”ی شانشینی سعودیە دەڕۆیشت.

بەپێی ئاژانسەکە، کۆمپانیای ماێرسک یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی گواستنەوەی کەشتیوانی لە جیهاندا.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لە 9ی کانونی یەکەمی رابردوودا حوسییەکان هۆشدارییاندابوو لەوەی، هەموو ئەو کەشتییانە دەکەنە ئامانج کە بەرەو ئیسرائیل دەچن، بەبێ گوێدانە رەگەزنامەکەیان، هەروەها کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی هۆشدارییاندا لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەندەرەکانی ئیسرائیل.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد