عێراق دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا رادەگەێنێت

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسووڵ، دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە عێراق راگەیاند.

سێشەممەی رابردوو، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هێرشەکەی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا شەرمەزار کرد.

یەحیا رەسووڵ لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردۆتەوە، دەڵێ، “دەزگا ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و گەیاندنیان بە دادگا، لەژێر رێنمایی راستەوخۆی محەممەد شیعاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیران”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە “ئەو هێرشەی لە حەوتی کانوونی دووەمدا ئەنجامدرا، کە باڵیۆزخانەی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و باڵەخانە حکومییەکانی دیکەی کردە ئامانج، هێرشێکە بۆ سەر ئاسایش و سەروەری عێراق”.

گوتیشی: “ناکرێت لە ئاست ئەم جۆرە هێرشانەدا بێدەنگ بین یان تەسلیمیان بین”، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی جددین لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە و زیان بە ناوبانگ و شکۆی عێراق دەگەیەنن.

یەحیا رەسووڵ جەختی لەوە کردەوە کە “زانیارییە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە هەندێک لە تاوانباران، بەداخەوە، پەیوەستن بە هەندێک دەزگای ئەمنییەوە”.

روونیشیکردەوە، “لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرکەوتوو بوون لە دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە هاوکاری تاوانبارانیان کردووە و پاڵپشتی لۆجستییان بۆ دابینکردوون بۆ ئەوەی بگەنە ناوچەی جێبەجێکردن”.

ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوانباران دەستگیرکراون و بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان و رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون”.

داڕشتنەوەی: ئەڤین یوسف