دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا ناکشێنەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان “لەوێن بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی رووسیا لەو ناوچە گرنگەی جیهان”.
گوتاری پوتین لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هات کە ساڵانە ئەنجامی دەدات، لەو کۆنگرەیەدا ئەنجامەکانی ساڵی 2023 پێشکەش بە رۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانی رووسیا دەکات.
پوتین گوتی: “هەتا بوونی ئەو یەکە سەربازییانە سوودی بۆ مۆسکۆ هەبێت، ئەوان لەوێ دەمێننەوە”.
هێزەکانی رووسیا لە 30ی ئەیلولی 2015ەوە راستەوخۆ دەستوەردانیان لە شەڕی سووریادا کرد، وەک پاڵپشتی بەردەوامی هێزەکانی حکومەتی سووریا و دوو بنکەی سەربازییان لە سووریادا هەیە، بنکەیەکی ئاسمانی سەرەکیان لە فڕۆکەخانەی حمەیمیم لە نزیک شاری لازقییە و بنکەیەکی دیکەشیان لە بەندەری تەرتوسە.
سەرۆک کۆماری رووسیا جەختی لەوە کردەوە کە رووسیا “هێزەکانی لە سووریا ناکێشێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، شوێنەکانی جێگیرکردنی رووسیا لە سووریا پێیان دەوترێت “خاڵ نەک بنکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی “پێکهاتەی درێژخایەن لە سووریادا دروست ناکات، بە جۆرێک، ئەگەر پێویست بکات، بتوانێت هەموو کارمەندە سەربازییەکانی لە سووریا بە خێرایی پێویست و بەبێ هیچ زیانێکی ماددی، بکشێنێتەوە”.