فورات و رەنگەکان.. دیداری هونەری شێوەکاریی لە رەققەی رۆژئاوای کوردستان
رەققە – نۆرس پرێس
لە دوێنێ چوارشەممەوە، لیژنەی رۆشنبیری و شوێنەواری ئەنجومەنی مەدەنی رەققە، دووەمین دیداری هونەری شێوەکاری لە ناوەندی رۆشنبیری شاری رەققە لە رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە و بڕیارە 10 رۆژ بەردەوام بێت.
لە دیدارەکەدا زیاتر لە 30 شێوەکار و پەیکەرتاش لە سەرجەم ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە بەشدار بوون، کە ئەمەش دووهەمین گەڕی دیدارەکە بوو و بە ناونیشانی “فورات و رەنگەکان” بەڕێوەچوو.
هونەرمەندی شێوەکار “ئەمەل ئەلعەتار”، کە یەکێکە لە بەشداربووانی کۆڕبەندەکە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “هونەرمەندانی بەشداربوو بابەتگەلێکی داهێنەرانەیان پێشکەش کرد، کە لە گەڵ واقیعدا دەدوان و بەرجەستەی ئەو کارەکتەرانەیان دەکرد، کە لە شاری رەققە و تەواوی ناوچەکانی رۆژئاڤا ژیاون، ئەمە جگە لە چەند تابلۆیەکی هونەریی، کە بەرجەستەیی شوینەواری دێرینی ناوچەکانیان دەکرد”.
ئەلعەتار هیوای خۆی دەربڕی کە ئەم کۆڕبەندە لە ڕۆژانی داهاتوودا ببێتە مەکۆیەکی سەرتاسەری لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان و روونیشیکردەوە کە “10 رۆژ بەردەوام دەبێت”.
جگە لەوەش هونەرمەندی شێوەکار”محەمەد عەیاش” بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئارەزووی هونەریی بینەران لە سەرتاسەری رۆژئاوای کوردستان، بەشداریم لەم دیدارەدا کردووە، ئەمڕۆش بە تابلۆیەکی گوندنشینی شوێنەواری رەققە و فورات بەشداری دەکەم”.
عەیاش دەشڵێت، “هونەرمەندان بەشداری لە دیدارەکەدا دەکەن بۆ پیشاندانی توانا هونەریەکانیان، لە کێشانی مێژووی ئەو قۆناغەی کە دانیشتوانی ناوچەکانی رۆژئاڤا ئەزموونی دەکەن”، گوتیشی، “هەموو هونەرمەندێک شێوازی تایبەتی خۆی هەیە لە وێنەکێشان وپەیکەرسازیدا”.
روونیشیکردەوە، ئەمڕۆ تابلۆی زەیتی و فیگەری پەیکەرسازی پێشکەش بە بینەران دەکەن، ئامانجی ئەم کارانەش بەرزکردنەوەی ئاستی هونەری شێوەکارییە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.