دیمەشق – نۆرس پرێس
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی درۆنێکی گومانلێکراوی حوسییەکانی لە گەرووی باب ئەلمەندەب لە دەریای سوور خستووەتە خوارەوە، کە بەرەو کەشتییەکە دەفڕی.
ئەو بەرپرسە کە ناوی ئاشکرا نەکردووە، بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی راگەیاندووە، ” ئەمڕۆ حوسییەکان دوو مووشەکیان ئاراستەی کەشتییەکی بازرگانی کردووە لە گەرووی باب ئەلمەندەب، بەڵام هیچ ئامانجێکیان نەپێکاوە”، روونیشی کردەوە کە “هیچ لایەک زیانی پێنەگەیشتووە”.
بەپێی داتاکانی بەدواداچوونی مانگی دەستکرد کە لەلایەن ئەسۆشێتد پرێسەوە شیکاری بۆ کراوە، کەشتییە بەئامانجکراوەکە، کەشتییەکی نەوت و ماددە کیمیاییەکان بووە و ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵیان هەڵکردووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کەشتییەکە بەرەو باکوور و کەناڵی سوێس لە دەریای سووردا دەڕۆیشت و لە هیندستانەوە هاتبوو و تیمێکی ئەمنی چەکداری هەڵگرتبوو، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کەشتییەکەوە گواستراوەتەوە.