عێراق بەشێكی دیكە لە خێزانە داعشەكانی كەمپی هۆڵ دەگەڕێنێتەوە شاری موسڵ

حەسەکە – نۆرس پرێس

لە بەردەوامی گەڕانەوەی خێزانی چەكدارە داعشەكانی كەمپی هۆڵ لە رۆژئاوای كوردستان، 150 خێزانی عێراقی خۆیان بۆ جێهێشتنی کەمپی هۆڵ لە گوندە واری حەسەکە ئامادە دەکەن، بەرەو کەمپی جدعە لە موسڵ پێش ئەوەی بۆ شارەكانی دیكەی عێراق دابەش بكرێت.

یەکێک لە سەرپەرشتیارانی ئامادەکارییەکان بۆ گەڕاندنەوەی خێزانەکانی داعش لەو كەمپە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە، لانی کەم  150 خێزان کەمپی هۆڵ بەرەو عێراق بەجێدەهێڵن.

ئەمە لە كاتێكدایە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو وەجبەی دوازدەهەمینی خێزانە داعشەكانی كەمپی هۆڵ گەڕانەوە عێراق. لەمباریەوە وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و كۆچبەرانی عێراق بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، پرۆسەی گەڕانەوەی خێزانە عێراقییەكانی كەمپی هۆڵ بە بڕیاری حكومەتی عێراق بەردەوامە. سەرچاوەکە بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر ئاشكرا بكات وتی گەڕانەوەی ئەو بەشەی خێزانەكانی داعش  پێش سەری ساڵ ئەنجام دەدرێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش