مقاوەمەی ئیسلامی بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی دوو بنكەی ئەمەریكی لە دێرەزوور رادەگەیەنێت
ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
گروپی چەكداری بەناو “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی دوو بنکەی ئەمریکی لە دێرەزوور لە ڕۆژی هەینی ڕاگەیاند.
بەپێی ئامارەکانی پێنتاگۆن هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە 17ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە تا ئێستا نزیکەی 90 هێرشیان كراوەتەسەر و لە ئەنجامدا زیاتر لە 62 سەربازی ئەمریکی برینداربوون.
ئەم گروپە چەكدارییە لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا ڕایگەیاندووە، دوو بنکەی ئەمریکییان کردووەتە ئامانج بە ئاڕاستەكردنی دوو مووشەک، یەکەمیان بۆ کێڵگەی نەوتی عومەر و دووەمیان بۆ کێڵگەی نەوتی کۆنیکۆ لە دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.
هەر سەبارەت بەو دوو هێرشە پەیامنێری نۆرس پرێس بڵاویکردبووەوە، هەردوو بنکەی ئەمریکی لە کێڵگە نەوتییەکانی عومەر و کۆنیکۆ بە چوار مووشەک کراونەتە ئامانج، بەڵام ئامانجیان نەپێكاوە و دەوروبەری ئەو دوو کێڵگەیە كەوتوونەتە خوارەوە.