بەرپرسێکی ئەمنی: پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکەین بۆ نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە رۆژئاوای كوردستان

قامشلۆ – نۆرس پرێس

بەرپرسێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند، پێشوازی لە هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی یان ناوچەیی دەكەین بۆ نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکە.

بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە رۆژئاوای كوردستان زیاتر بووە و هێزە ئەمنییەکانیش ناوە ناوە دەستگیرکردنی بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان رادەگەیەنن و بەرپرسانیش دەڵێن ماددە هۆشبەرەكان لە دەرەوەی وڵاتەوە دێتە ناوچەکانیان.

حەسەن کانۆ، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگابوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە رۆئاوای كوردستان بۆ نۆرس پرێس ڕایگەیاند، ماددەی هۆشبەر بە شێوازی جیاواز لە دەرەوە دەهێندرێتە ناوچەكانی رۆئاوای كوردستان.

مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان دەستگیرکردنی 42 قاچاخچی و فرۆشیاری مادەی هۆشبەریان لە رەققە ڕاگەیاند، لە هەڵمەتێکدا وەک ڕێزگرتنێک لە گیانی ئەندامانی ئەکادیمیای دژە ماددە هۆشبەرەکان كە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەیەکی جەنگی لە گوندەواری دێرک لە رۆژئاوای كوردستان گیانیان لە دەستدابوو.

کانۆ دەشڵێت، ڕژێمی تورکیا و گروپە ئۆپۆزسیۆنە دڵسۆزەکانی ئەنقەرە و ڕژێمی سوریا ماددەی هۆشبەر دروست دەکەن و بە شێوازی جۆراوجۆر دەیهێننە ناوچەکانمان.

ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئاماژەی بەوەدا کە بە وردی بەدواداچوون بۆ بازرگانان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر دەکەن و دوای دەستگیرکردنیان ڕەوانەی دەزگای دادوەری دەکرێن، بەڵام دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە ڕێگری لە هەوڵەکانیان دەکات. هەروەها هیچ شوێنێكی تایبەت نییە بۆ چاودێریکردنی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر.

ئامادەکردنی: زانا عەلی – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش