دانیشتنی تایبەت بە پەسەندكردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی لە رۆژئاوای کوردستان دەستیپێكرد

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، دانیشتنی پەسەندکردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی نوێ لە رۆژئاوای كوردستان لە بارەگای بەڕێوبەری خۆسەری لە رەققە دەستیپێکرد.

لە دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی گشتیدا 110 نوێنەری ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوبەری خۆسەری و ئەندامانی لیژنەی داڕشتنەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی و ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی بەڕێوبەرییەكان بەشدارن.

ڕۆژی 15ی تەمموزی 2021 لیژنەیەکی بچووک پێکهێنرا کە پێکهاتبوو لە 30 ئەندام بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی پەیمانی کۆمەڵایەتی، کە بە دەستوورێک دادەنرێت کە کارەکانی بەڕێوبەری خۆسەری لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە ڕێکدەخات، دوای ئەوەی ئەو لیژنەیە بچووکە کارەکانی تەواو کرد، دانیشتنەکانی لیژنە فراوانکراوەکان دەستی پێکرد.

بەڕێوبەری خۆسەری پەیمانی کۆمەڵایەتی وەک کۆمەڵێک بناغەی تیۆری و پراکتیکی و یاسا و ڕێسای ڕێکخستن پێناسە دەکات، کە بۆ پێناسەکردنی ماف و ئەرکی تاک و بەرپرسان.

بەپێی لێدوانێكی پێشووی بەرپرسێکی بەڕێوبەری خۆسەری پەیمانە کۆمەڵایەتییە نوێیەکە بۆ ناوچەكە، هەیكەلێكی بەڕێوبەری دادەمەزرێنێت کە هەموو ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری لەخۆدەگرێت، بەناوی “هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا”.

بڕیارە دانیشتنەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی پەیمانەكە و دەنگدان لەسەر بڕگەکانی.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان