هێرشی میلیشیاکانی سەر بە سووریا و ئێران لە دێرەزوور بۆ سەر بارەگاکانی “هەسەدە” درێژەیان هەیە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی دووشەممە، چەکدارانی میلیشیاکانی سەر بە رژێمەکانی ئێران و سووریا هێرشیان کردە سەر بارەگا و بازگەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتی رۆژئاوای کوردستان لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژئاڤا.

بەردەوام پێگەکانی “هەسەدە” لە گوندەواری دێرەزوور لەلایەن میلیشیاکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، کە دەڵێن لەلایەن هێزەکانی حکومەتی دیمەشقەوە پاڵپشتی دەکرێن، دوێنێ “هەسەدە” رایگەیاند کە شەڕڤانێکیان شەهید بووە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە، لە کاتی بەرپەرچدانەوەی ئەو گروپێک چەکداری ئەو میلیشیانەوە، کە هەوڵیاندەدا دزە بکەنە ناو شارۆچکەی ئەلتەیانەوە لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

سەرچاوەیەکی سەربازی “هەسەدە” لە دێرەزوور رایگەیاند، چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای هێزە سەربازییەکانیان لە شارۆچکەی “ئەلحەسەن” لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور و پێکدادان له نێوانیاندا روویدا و شەڕڤانان میلیشیاکانیان ناچار کردووه  بکشینەوە بۆ کەنارەکەی بەرامبەری فورات.

سەرچاوە سەربازییەکان بۆ نۆرس پرێس ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە هێرشبەرانی نەناسراو بە ئاڕ پی چی، بارەگای هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کردووەتە ئامانج لە چواردەووری رووباری فورات لە شارۆچکەی ئەلتەیانە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک تۆماربکرێت.

ئاماژەیان بەوەشکرد، هێزەکانی سوریای دیموکرات هەوڵێکی دزەکردنیان لە لایەن چەکدارانی سەر بە رژێمەکانی ئێران و سووریاوە پووچەڵکردووەتەوە، کە هەوڵیانداوە بپەڕنەوە بۆ ناو شارۆچکەی ئەلتەیەنا، لە رۆژئاوای فوراتەوە.

بە پێی هەمان سەرچاوە، لە شارۆچکەی ئەلجەرزی سەر بە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، خاڵێکی پشکنینی “هەسەدە” لە نزیک رێگای سەرەکی ناوەندی شارۆچکەکە بە چەکی ئاسایی هێرشی کرایە سەر، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک تۆمار بکرێت.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان