ئیسرائیل چواردەووری دیمەشق بۆردوومان دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنی یەکشەممە، میدیا ناوخۆییەکانی سووریا رایانگەیاند، سووپای ئیسرائیل چواردەووری دیمەشقی پایتەختی سووریای کردووەتە ئامانج.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە زیادی کردووە و ئیسرائیل دەڵێ لە هێرشەکانیاندا جموجۆڵ و عەمبارەکانی چەکی ئێران دەکەنە ئامانج.

ئاژانسی فەرمی “سانا”ی سەر بە حکوومەتی سووریا ئێوارەی دوێنی یەکشەممە، بڵاویکردەوە، کە دەنگی تەقینەوە لە دەوروبەری دیمەشق بیستراوە، لەکاتێکدا سروشتی تەقینەوەکانی پشتڕاست نەکراونەتەوە.

“سانا” دەڵێ:” هێزەکانی بەرگری ئاسمانی سووریا وەڵامی دەستدرێژییەکەیان داوەتەوە و یەکێک لە مووشەکەکانیان خستووەتە خوارەوە و زیانەکانیش سنووردار بوون بە زیانی ماڵی”.

تەلەفزیۆنی سووریا بڵاویکردەوە کە “ئیسرائیل دەستدرێژیی کردووەتە سەر دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت و بەرگریی ئاسمانیی سووریا بەرپەرچی دەستدرێژیەکەیان داوەتەوە”.

ئامادەکردن و  داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد ئەلیازچی