پێكدادان له‌ نێوان دوو خێزانی كه‌مپێكی ئیدلب، كوژرا و برینداری لێكه‌وته‌وه‌

ئیدلب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کەمپێكی ئاوارەکانی سەر سنووری سوریا و تورکیا لە باکووری ئیدلب، شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون.

چەند ناوچەیەکی ئیدلب لەوانەش کەمپەکان شه‌ڕ و ئاژاوەی ئەمنی زۆر به‌خۆوه‌ ده‌بینن، به‌هۆی شەڕی نێوان خێزان و خێڵ و میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆز بۆ ئەنقەرە، زۆرجار ئاژاوه‌كان بە کوشتن و برینداربوون کۆتاییان پێدێت.

سەرچاوە خۆجێییەکانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، شەڕ و پێکدادان بە چەکی سووک و مامناوەند لە نێوان خێزانێکی ئاوارەی ناوچەی دەشتی ئەلغاب لە ڕۆژئاوای حەما و خێزانێکی دیکەی خەڵکی شارۆچکەی کفر سەجنە لە باشووری ئیدلب لە کەمپی کەرامە لە نزیک شارۆچکەی سنووریی ئه‌تمه ‌لەگەڵ تورکیا رویداوه‌.

ئاماژەیان بەوەشکردوه‌، شەڕ و پێکدادانەکه‌ نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند، لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون کە منداڵێک و ژنێک له‌نێو برینداره‌كاندان، بەهۆی سەختی برینەکانیان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانه‌.

ئەو سەرچاوانە ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو، ئه‌منی عامی سه‌ر به‌ ده‌سته‌ی تەحریر شام (بەرەی نوسرە) ی پێشوو بە تەواوی ڕێگری لە چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە کەمپەکە کردووە، هەروەها ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی ڕۆژنامەنووسانی ناوچەکە کردووە بۆ ڕووماڵکردنی شەڕەکە.

ئامادەکردنی: موئەیەد شێخ – داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی