پیرانی ئەمریکا بە توندی پاڵپشتیی بایدن دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە سوریا

هەولێر – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سیناتۆر بۆب مێنێندێز، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە روپەڕی تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، “بە تووندی” پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ وەڵامدانەوەی “ئەو دەستدرێژییانەی لەلایەن ئێران و هێزەکانی نزیک لێی دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا.”

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، دەبێت ئێران هیچ گومانی لەوە نەبێت کە لە هەر شوێنێک “ئێران هەڕەشە لە سەربازان، هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکان”ـی ئەمریکا بکات، سوپای ئەمریکا بەرگرییان لێدەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، 25ـی ئابی 2022 ژەنەراڵ مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی جەنگی، هێلیکۆپتەر و تۆپهاوێژی وڵاتەکەیانەوە بۆ سەر چەند شوێنێک لە “باکووری رۆژئاوای سووریا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا،” چوار چەکداری سەر بە “گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان” کوشتووە.

کوریلا هۆشداریشدا لەوەی: “هەر گرووپێک کە هێرش دەکاتە سەر سەربازانمان، پارێزبەندییان نابێت” و، “هەموو رێکارێکی پێویست” بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتییەکانیان دەگرنەبەر.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئەمریکا لە “باکووری رۆژئاوای سووریا بە هێلیکۆپتەری ئەپاچی، فڕۆکەی جەنگیی AC-130 و تۆپهاوێژی M777 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی نزیک لە ئێران،” دەشڵێت، لە ئەنجامدا 4 چەکدار کوژراون و 7 مووشەکهاوێژیش تێکشکێندراون.

دوای ئەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا کە بۆ نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکای ناردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو وەکو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، فەرمانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە کردووە.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 24ـی ئاب دوو بنکەی سوپای ئەمریکا کرانە ئامانج؛ کێڵگەی گازی کۆنیکۆ و گوندی سەوز لە سنووری دێرەزوور مووشەکباران کران.

لە راگەیێندراوەکەدا فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، لە هێرشی گرووپە چەکدارەکاندا سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون کە یەکێکیان برینەکەی سووک بووە و گەڕاوەتەوە سەر کار، دووانی دیکەش چارەسەر وەردەگرن.

ئەو دوو ناوچەی رۆژی چوارشەممە هێرشکرایە سەریان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدەدان و سوپای ئەمریکاشی تێدایە.

هەروەک رۆژی 23ـی ئابیش سوپای ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر “گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران” لە سووریا کرد و ئەوکات ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە بۆ بەرگری و پاراستنی هێزەکانی وڵاتەکەی بووە لە هێرشی ئەو گرووپانە. ئێرانیش ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە دەدرێنە پاڵی و رۆژی چوارشەممە گوتی، هیچ پەیوەندییەکی بەو گرووپانەوە نییە کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.