بە مووشەک هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق.. سوودانی بە “کارێکی تیرۆریستی” ناویدەبات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا بە دوو مووشەک، لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوەتە ئامانج.

گوتەبێژی باڵیۆزخانەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: “کاتژمێر 4:15ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە دوو مووشەک رووبەڕووی هێرشێک بوویەوە، لەوبارەوە هەڵسەنگاندن دەکەین، تا ئێستاش هیچ هەواڵێکمان لەبارەی کەوتنەوەی زیان لە باڵیۆزخانەکەدا پێنەگەیشتووە”.

لە هەمان راگەێنراویشدا هاتووە، “تا ئەم ساتە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە کە لە عێراقدا ئازادانە چالاکن”.

ئەمڕۆ هەینی و دوابەدوای راگەیاندنی بەئامانجکردنی باڵوێزخانەکەوە، لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەی ئەمڕۆی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی فەرمانی بە سەرجەم هێزە ئەمنییەکان کردووە، کە ئەنجامدەرانی دەستدرێژییەکانی هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەستگیربکەن و بیاندەنە دادگا”.

هەروەها دەڵێت، “کردنە ئامانجی نێردە دیپلۆماسییەکان کارێکی بێ پاساوە و لە هیچ دۆخێکدا قبووڵ ناکرێت و بانگەشە و ئەو خەیاڵانەی لە پشتی ئەو جۆرە کارە قێزەوەنانەوە هەرچییەک بێت.”

جەختیشی لەوەکردووەتەوە “ئەو جۆرە تاوانانە سووکایەتین بە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و ئەو گرووپە لەیاسا لادەرانە بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە ئیرادەی گەلی عێراق ناکەن و کردنە ئامانجی ئەو شوێنانەی کە بە گوێرەی یاسا و نەریت و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پارێزراون، کاری تیرۆریستین و هێزە ئەمنییەکان و دەزگاکانی حکومەت و بەردەوام دەبن لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و پاراستنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان”.