لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو دوو کۆچبەر بە گولـلەی جەندرمەی تورکیا کوژران و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو
عەفرینی داگیرکراو – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، بە گولـلەی راستەوخۆی جەندرمەکانی تورکیا دوو کۆچبەر کوژران و یەکێکی دیکەش بریندار بوو، لە کاتێکدا هەوڵیان دەدا لە گوندەواری عەفرینی داگیر کراوەوە بچنە ناو خاکی تورکیاوە.
شایەتحاڵانی چاودێر بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، جەندرمەی تورکیا بە شێوەیەکی بەرفراوان تەقەی لە کۆمەڵێک کۆچبەری سووری کردووە، لە کاتێکدا هەوڵیان دەدا سنووری تورکیا لە نزیک گوندی ئەلحەمام لە گوندەواری جندرێس لە رۆژئاوای عەفرینی داگیر کراوەوە ببەزێنن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، تەقەی راستەوخۆی جەندرمە بەرامبەر بەو کۆچبەرە سڤیلانە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس و برینداربوونی دووانی دیکەش بە سەختی، یەکێکیان ناوی محەمەد ئەلجاسم (تەمەن 28 ساڵە)، خەڵکی ناوچەی عقەیرباتە لە رۆژهەڵاتی حەمات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، جەندرمەی تورکیا تەرمی دوو کوژراوەکەی دەستبەسەر کردووە و بریندارەکەی لە رێگەی دەروازەی ئەلحەمامەوە لە رۆژئاوای جندرێس رادەستی میلیشیای “شورتەی عەسکەری” دڵسۆزیان کردووەتەوە، دواتر ئەوانیش گواستویانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی “شیفا’ لە شارۆچکەی جندرێس لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو و باری تەندروستی سەختە.