بەڕێوبەریی خۆسەریی لە رۆژانی داهاتوودا “پەیمانی کۆمەڵایەتی” پەسەند دەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنی پێنجشەممە، بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان، لە میانی دانیشتنی ئەنجومەنی گشتیدا رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا پەیمانی کۆمەڵایەتی وەک دەستووری رۆژئاوای کوردستان، پەسەند دەکات، کە ماوەی ساڵێکی تەواوە کارکردن لە سەر داڕشتنەوەی بەردەوامە.
لە بڵاوکراوەیەکدا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیان ئاماژەیان بەوەکردووە، 158 ئەندامی لیژنەی فراوانکراوی داڕشتنی پەیمانە کۆمەڵایەتییە نوێیەکە، لەوانە کەسایەتییە سیاسیەکان و نوێنەرانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆبوونەوەکانیان تەواو کردووە بۆ دەنگدان لەسەر پێشنیارەکانی سەرجەم چین و توێژەکان لە رۆژئاوای کوردستان.
لە 11ی کانونی یەکەمی 2022دا، لیژنەی فراوانکردن یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، کە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، دوای تاوتوێکردن و هەموارکردنەوەی نزیکەی 30%ی رەشنووسی پەیمانەکە، لەو کاتەدا کارەکانی راگیرا.
رەشنووسی پەیمانە کۆمەڵایەتییە نوێیەکە 109 ماددەی لەخۆگرتووە ، کە لە 5 بابەت پێکهاتووە و بە سەر 4 بەشی سەرەکیدا دابەشکراون، وەک پێشەکی، ماف و ئازادیەکان بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە رۆژئاوای کوردستان.
لیژنەی فراوانکراوەکە تاوتوێی مادەکانی رەشنووسی گرێبەستی کۆمەڵایەتی کرد بۆ گەیشتن بە داڕشتنەوەی کۆتایی و پاشان گواسترایەوە بۆ قۆناغی دووەم، کە بریتییە لە دابەشکردنی ئەو لیژنە بچووکە بەسەر گروپەکاندا لە بەڕێوبەرییە خۆسەریی و مەدەنییەکانی رۆژئاڤا. ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد