بە تۆمەتی لابردنی ئاڵای تورکیا.. میلیشیایەکی سەر بە تورکیا چەند مامۆستایەک لە گوندەواری عەفرین دەستگیر دەکات
عەفرینی داگیرکراو – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، میلیشیایەکی سەر بە تورکیا سێ مامۆستایان لە قوتابخانەیەک لە ناحیەی بولبول لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو، رۆژئاوای کوردستان، بە تۆمەتی لابردنی ئاڵای تورکیا لە یەکێک لە پۆلەکانی قوتابخانەکان دەستگیر کرد.
هەفتەیەک لەمەوبەر، میلیشیای “شورتەی مەدەنی” لایەنگری تورکیا، لە عەفرین، چوار مامۆستایان لە پەیمانگای ڕۆشنبیری یونس ئێمرە تورکی دەستگیر کرد، کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە شێوازەکانی پەیمانگاکە بۆ بەرەوپێشبردنی زمان و کولتوری تورکی، دەستیان لەکار کێشابووەوە.
سەرچاوە خۆجێیەکانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، میلیشیای “شورتەی عەسکەری” سەر بە تورکیا، سێ مامۆستای قوتابخانەیەکیان لە ناوەندی ناحیەی بولبول لە گوندەواری عەفرین دەستگیرکردووە و گواستویانەتەوە بۆ زیندانی حەرش بولبول.
ئاماژەیان بەوەشکرد، دەستگیرکردنەکە بە تۆمەتی ئەوە بووە کە ئەو مامۆستایانە ئاڵای تورکیایان لە یەکێک لە پۆلەکانی قوتابخانەکەدا لابردووە.